Martin Auer: شه‌ڕی سه‌یر و سه‌مه‌ره, ڕاهێنانی مرۆڤه بۆ ژیانێکی پڕ له ئاشتی و دوور له شه‌ڕه |
|
شه‌ڕی تیتل و بیبله‌کان له‌سه‌ر گۆی ماڕسPlease share if you want to help to promote peace! Nader FathibokaniThis translation has not yet been reviewed |
|
Bücher und CDs von Martin AuerIn meinem Haus in meinem Kopf Gedichte für Kinder Die Prinzessin mit dem Bart Joscha unterm Baum Was die alte Maiasaura erzählt Die Erbsenprinzessin Der wunderbare Zauberer von Oz - Hörbuch zum Download Die Jagd nach dem Zauberstab, Roman für Kinder - Hörbuch zum Download Der seltsame Krieg Geschichten über Krieg und Frieden Zum Mars und zurück - Lieder Lieblich klingt der Gartenschlauch - Lieder Lieschen Radieschen und andere komische Geschichten - CD |
شه‌ڕی تیتل و بیبله‌کان له‌سه‌ر گۆی ماڕس نووسه‌ر: Martin Auer (مارتین ئاوه‌ر) وه‌رگێران له ئاڵمانییه‌وه: نادر فه‌تحی(شوانه)
کاتێك شه‌ڕه مه‌زنه‌که‌ی سه‌ر گۆی ماڕس کۆتایی پێهات، ماندوو و خه‌مناك تیتله‌کان که ڕه‌نگیان پەمەیی کاڵ بوو، به‌ره‌و ماڵی خۆیان وه‌ڕێ که‌وتن. له‌به‌رخۆیانه‌وه ده‌یانگوت: "هیوادارین ئیتر هه‌رگیز شه‌ڕ نه‌بێته‌وه" ئه‌وان شه‌ڕه‌که‌یان دۆڕاندبوو.
ماندوو و خه‌مناك بیبله‌کانیش که ڕه‌نگیان شینی کاڵ بوو به‌ره‌و ماڵێ ده‌چوونه‌وه. له‌به‌ر خۆیانه‌وه ده‌یانگوت: "هیوادارین ئیتر هه‌رگیز شه‌ڕ تووشی هێچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نه‌بێ" ئه‌وان شه‌ڕه‌که‌یان بردبۆوه.
به‌ڵام له مه‌یدانی شه‌ڕ هێنده‌ی تیتلی پەمه‌یی کاڵ له‌سه‌ر زه‌وی که‌وتبوون و مردبوون به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش بیبلی شینی کاڵ گیانیان له‌ده‌ست دابوو و به ڕاده‌یه‌کی سامناك له هه‌ردوولا خۆێنێکی سه‌وزی زۆریان له‌به‌ر ڕۆییبوو.
سه‌رۆک کۆماری تیتله‌کان له‌گه‌ڵ پاشای بیبله‌کان له چۆمێك که له‌سه‌ر سنووری ئه‌و دوو وڵاته بوو، یه‌کتریان بینی و بڕیارنامه‌یه‌کیان مۆر کرد. "ئیتر له مابه‌ین تیتله‌کان و بیبله‌کان هه‌رگیز شه‌ڕ نابێ ببێ" هه‌ردوك لا به‌ڵێنییان دا.
له هه‌ردوك وڵاته‌که خه‌ڵکیی جه‌ژنی ئاشتی یان گرت و شادمانیان ده‌کرد.
"ژەنڕاله‌کانمان ده‌بێ خانه‌نشین بکه‌ین!" تیتله‌کان به ده‌نگی به‌رز هاواریان ده‌کرد. "مارشاڵه‌کانمان ده‌بێ له‌سه‌ر کار لاچن!" بیبله‌کان به ده‌نگێکی به‌رز هاواریان ده‌کرد.
"له‌مڕۆ به‌ولاوه سه‌ربازه‌کان ده‌بێ خه‌ریکی دارچەقاندن و وه‌رزێری و جوانکردنی سروشت بن!" تیتله‌کان ده‌یاننه‌ڕاند.
"سه‌ربازه‌کان ده‌بێ پاتۆڵ بدروون!" بیبله‌کان ده‌یانقیژاند.
ژنراڵی تیتله‌کان گوتی : "خۆ وا نابێ. ئه‌گه‌ر ئێمه ژنراڵ و سه‌ربازمان له وڵات دا نه‌بێ، هه‌ر به زوویی بیبله‌کان هێرشمان ده‌که‌نه سه‌ر. ئێمه ده‌بێ له‌شکرێکی به‌رگریی زۆر چالاك و ئازامان هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر هه‌رگیز شه‌ڕ له وڵاتی ئێمه‌دا پێك نه‌یه‌ت."
ماڕشاڵی بیبله‌کانیش گوتی: "ئه‌وه چاره‌ی کاره‌که نییه، ئه‌گه‌ر تیتله‌کان بزانن ئێمه له وڵات‌دا ئیتر هیچ له‌شکرێکمان نییه، هه‌ر ئه‌وه‌ندی یه‌ك و دوو تۆڵه‌ی دۆڕاندنی شه‌ڕی پێشوویانمان لێ ده‌که‌نه‌وه. که وابوو وڵاتی ئێمه هه‌م پێویستیی به ماڕشاڵ هه‌یه و هه‌م سه‌رباز."
"ده‌ی باشه، خۆ ئه‌وه وایه و ره‌نگه گوته‌کانی ژنراڵ راست بن" تیتله‌کان به نابه‌دڵییه‌وه گوتیان.
" گوته‌کانی ماڕشاڵ زۆر له ڕاستیی دوور نین و ره‌نگه وابن" بیبله‌کان گوتیان.
دواتر هه‌موویان بڵاوه‌یان کرد و تیتله‌کان به‌ره‌و قه‌ڵاکانیان و بیبله‌کانیش به‌ره‌و غاره‌کانیان وه‌ڕێ که‌وتن.
ژنراڵی تیتله‌کان له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌یگوت: "دیاره من پێم‌خۆش نییه جارێکی‌تر شه‌ڕ هه‌ڵاییسێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر من ئازایه‌تیی خۆم نه‌سه‌لمێنم، له‌وانه‌یه کاره‌که‌م له ده‌ست بده‌م." ئه‌و به سه‌رۆك کۆماری گوت، " ئێمه پێویستی زیاترمان به شمشیر و که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕ هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی که‌س نه‌توانێ هێرشمان بکاته سه‌ر. تکایه باجی زیاتر له خه‌ڵکی بستێنن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌ره‌سانه‌ی پێ دابین بکه‌ین."
دیاره سه‌رۆك کۆماریش به‌ڵێی به بۆچوونه‌که‌ی ژنراڵ دا و فەرمانی زیادکردنی باج و دروستکردنی که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕی دەرکرد.
ئاسنگه‌ره‌کان که ئه‌رکی دروستکردنی شمشیر و نیزه و تیروکه‌وان و که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕیان له‌سه‌ر شان بوو به‌خۆیان ده‌گوت: "دیاره ئێمه‌ش هه‌رگیز شه‌ڕمان ناوێ و ئاشتییمان گه‌ره‌که، به‌ڵام به‌و پاره‌یه‌ی له فرۆشتنی که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕ ده‌ستمان ده‌که‌وێت، ده‌توانین منداڵه‌کانمان بنێرینە قوتابخانه‌ی باشتر و که‌ل و په‌لی زیاتریان بۆ بکڕین."
کارگه‌ره ئاسنگه‌ره‌کانیش له‌به‌رخۆیانه‌وه ده‌یانگوت: "هیچکام له ئێمه شه‌ڕمان پێ باش نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه هاوکاریی وه‌ستاکانمان نه‌که‌ین له کار ده‌رمان ده‌که‌ن و منداڵه‌کانمان برسی ده‌مێننەوە."
مارشاڵی بیبله‌کان به‌خۆی ده‌گوت: "من ئاشتیم ده‌وێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر من ئازایه‌تیی له‌خۆم نیشان نه‌ده‌م، له‌وانه‌یه له‌کاره‌که‌م وه‌لام نێن. ئه‌و به پاشای بیبله‌کانی گوت، من بیستوومه که له‌شکری تیتله‌کان شمشیرو که‌ره‌سه‌یه‌کی زۆریان کڕیوه. ده‌بێ ئێمەش باجی زیاتر له خه‌ڵکی وه‌ربگرین تا بتوانین ژماره‌ی سه‌ربازه‌کانمان زیاتر بکه‌ین."
شا فەرمانی زۆرکردنی باجی دا بۆ ئه‌وه‌ی له‌شکره‌که گه‌وره‌تر و به‌هێزتر له جاران بێت.
وه‌رزێره‌کان به‌خۆیان ده‌گوت: "ئێمه‌ش باوه‌ڕمان به ئاشتی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێزی سه‌ربازی نه‌مێنێ و نه‌توانین پەتاته‌کانمان به ده‌وڵه‌ت بفرۆشین، باجی تازه‌مان بۆ نادرێت."
به‌رگدرووش گوتیان: "ئێمه‌ش ئاشتیمان ده‌وێ، به‌ڵام هه‌رچه‌نده سه‌رباز له‌م وڵاته زیاتر بێت، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش ئێمه کاری به‌رگ دروونمان زیاتر ده‌بێ و پێی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بین."
ئاسنگه‌ره‌کانیش گوتیان: "ئێمه ئاشتیمان ده‌وێ، به‌ڵام هه‌رچه‌ند ژماره‌ی سه‌ربازه‌کان زیاتر بن، به‌و ڕاده‌یه‌ش ده‌بێ سپه‌ر و نیزه و شمشیری زیاتر دروست بکه‌ین و بازارمان گه‌رمتر ده‌بێت."
به‌ڵێ ... له هه‌موو ئه‌وانه‌ش سامناك تر زانیارێکی تیتله‌کان چه‌شنە گازێکی ژه‌هراوی دۆزییه‌وه که ده‌یتوانی به راحه‌تی هه‌زاران که‌سی پێ بکووژێ.
"من نامهه‌وێ هیچ زیانێك به که‌سێك بگه‌ێینم" کابرای زانا گوتی، "به‌ڵام ئه‌گه‌ر من ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه‌م به ده‌وڵه‌ت نه‌فرۆشم چلۆن بتوانم که‌ل و په‌لی ژیان بۆ منداڵه‌کانم دابین بکه‌م."
ته‌نانه‌ت له کتێبێک‌دا به ئاشکرایی نووسیبووی و روونی کردبۆوه ئه‌و گازه ماڵوێرانکه‌ره چلۆن دروست ده‌کرێ.
له‌ولاشه‌وه پرۆفسۆرێکی بیبله‌کان بۆمبایه‌کی دروست کرد که ده‌کرا به‌و بۆمبایه هه‌موو گیانله‌به‌رانی سه‌ر زه‌وی له‌ناو بچن. دیاره ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه بۆ خۆیان مه‌ترسیدار نه‌بوو چونکه ئه‌وان له ئه‌شکه‌وتدا ده‌ژیان.
"من ئاره‌زووی مردن بۆ که‌س ناکه‌م و دژ به شه‌ڕم"، پرۆفسۆره‌که به‌خۆی ده‌گوت. "به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه‌م ئاشکرا نه‌که‌م خه‌ڵکی پێیانواده‌بێت که من نه‌زانم و له هیچ ناگه‌م و سه‌ر له کاره‌که‌م ده‌رناهێنم."
جەنابی پرۆفسۆر کتێبێکی له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی دروستکردنی بۆمبا نووسی.
کاتێك مارشاڵی بیبله‌کان به‌و دۆزینه‌وه‌یه‌ی زانی، به پاشای مه‌زنی گوت: "به هه‌ر نرخێك بێت، ده‌بێ ئێمه‌ش ئه‌و بۆمبایه دروست که‌ین چونکه من بیستوومه تیتله‌کان گازێکی ژه‌هراویی و مه‌ترسیداریان هه‌یه و ده‌یانهه‌وێ دژ به ئێمه به‌کاری بێنن."
ژنراڵی تیتله‌کانیش به سه‌رۆك کۆماری گوت: "به هه‌ر نرخێك بێت ده‌بێ ئه‌و گازه ژه‌هراویه دروست بکه‌ین چونکه من بیستوومه بیبله‌کان بۆمبایه‌کی زۆر سامناکیان دروستکردوه و دژ به ئێمه به‌کاری ده‌هێنن."
به‌ڵێ ... به‌و شێوه‌یه گازیان دروست کرد ... ... بۆمبایان دروست کرد.
تیتله‌کان که‌پسوولێکی گه‌وره‌یان دروست کرد که به‌هۆی ئه‌و دیانتوانی گازێکی زۆر به‌سه‌ر بیبله‌کاندا دا بپڕژێنن.
بیبله‌کانیش باڵۆنێکی مه‌زنیان دروست کرد بۆ ئه‌وه‌ی بۆمباکان به‌سه‌ر تیتله‌کاندا داڕێژن.
سه‌رۆك کۆماری تیتله‌کان له وت و وێژێکدا گوتی: "ئیتر هه‌رگیز شه‌ڕ پێك نایه‌ت، ئێمه ته‌نیا ئاشتیمان ده‌وێ، چونکه دژ به شه‌ڕین. ئیتر بیبله‌کانیش هیچکات له خۆیان رانابینن هیرشمان بکه‌نه سه‌ر چونکه ئێمه خاوه‌نی گازێکی ژه‌هراویی سامناکین."
پاشای بیبله‌کانێش له وتارێکدا گوتی: "له‌مه به‌ولاوه ئیدی ئێمه هه‌میشه له ئاشتیدا ده‌ژین، هه‌ر وه‌ك ئێمه هه‌میشه گوتوومانه دژ به شه‌ڕین. تیتله‌کانیش ئیتر هه‌رگیز ناتوانن هێرشمان بکه‌نه سه‌ر چونکه ئێمه خاوه‌نی بۆمبایه‌کی ماڵوێرانکه‌رین."
رۆژێکیان ئاسنگه‌ری تیتله‌کان گوتیان: "ئێمه ئاسنی پێویست بۆ دروستکردنی که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕ وه‌ك سپه‌ر و نیزه و شمشیر و تیروکەوان و... مان بۆ ئه‌و هه‌موو سه‌ربازه نییه و ده‌بێ بچین بۆ دوڕگه‌ی ئاسن لەوێ ئاسن بهێنین."
کاتێك گەمییه‌کان له دوڕگه‌ی ئاسن گه‌ڕانه‌وه، هه‌واڵیان دا که ئه‌وانیتر واته بیبله‌کانیش ئاسنیان له دوڕگه‌ی ئاسن هه‌ڵگرتووه و له‌گه‌ڵ خۆیان بردوویانه.
"بیبله‌کان ئاسنه‌کانی ئێمه‌یان دزیوه و له‌گه‌ڵ خۆیان بردووه!" رۆژنامه‌یه‌کی تیتله‌کان به خه‌تێکی گه‌وره نووسیبووی.
"تیتله‌کان هه‌موو ئاسنه‌کانیان ته‌نیا بۆ خۆیان ده‌وێ!" رۆژنامه‌یه‌کی بیبله‌کان رایگه‌یاند و به خه‌تی گه‌وره نووسییان.
ره‌نگه شته‌کانیان بڕێك گه‌وره کردبۆوه و ئاسن بۆ هه‌موویان به ئه‌ندازه‌ی پێویست هه‌بوو. به‌ڵام ده‌زانین که رۆژنامه‌کان بۆ فرۆشتنی باشتر، هه‌میشه شاخ و باڵ به رووداوه‌کان ده‌ده‌ن و سرنجڕاکێشتریان ده‌نوێنن. دیاره رۆژنامه‌کانیش هه‌ر وه‌ك هه‌موو ئه‌وانیتر ته‌نیا ده‌یانهه‌ویست پاره وه‌ده‌ست بێنن و ژیانی داهاتووی مناڵه‌کانیانی پێ دابین که‌ن.
ئه‌و رووداوانه ده‌ستیان دا ده‌ستی یه‌ك و تیتله‌کان و بیبله‌کان له به‌رانبه‌ر یه‌کتردا وه‌ستان و هه‌ر دوك لا ترسیان لێ په‌یدابوو. "ئێمه ده‌بێ ده‌ست به‌سه‌ر دوڕگه‌ی ئاسندا بگرین تا هه‌ر بۆ خۆمان بێت، ده‌نا به‌و شێوه‌یه ئاشتی ناتوانێ درێژه‌ی هه‌بێ" تیتله‌کان گوتیان.
"دوڕگه‌ی ئاسن ده‌بێ هی ئێمه بێ" بیبله‌کان گوتیان. "ده‌نا شه‌ڕ دیسان ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه."
"ئه‌گه‌ر ئێمه ئاسن مان بۆ دروستکردنی جه‌نجه‌ڕ و مه‌ڵه‌غان و داس نه‌مێنێ و ته‌نیا له ئاسن بۆ دروستکردنی که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕ که‌ڵك وه‌ربگیرێت، هه‌موومان له برسانه ده‌مرین و خاوه‌ن بوونی گازی ژه‌هریش فریامان ناکه‌وێت و هیچ سوودێکی بۆمان نابێ." تاقه‌مێك له تیتله‌کان گوتیان.
"ئه‌گه‌ر ئاسنمان نه‌مێنێ له برسانه ده‌مرین و بۆمبای ماڵوێرانکه‌ریش ناتوانێ یارمه‌تیمان بدات" هه‌ندێك له بیبله‌کان گوتیان.
تیتله‌کان که‌شتییه‌کی شه‌ڕیان نارد بۆ دوڕگه‌ی ئاسن. بیبله‌کانیش که‌شتییه‌کی شه‌ڕیان ره‌وانه‌ی دوڕگه‌ی ئاسن کرد.
کاتێك شه‌ڕ له‌نێوانیاندا لایه‌کی به لایه‌کیدا نه‌که‌وت و نه‌یانتوانی به‌سه‌ر یه‌کتردا زه‌فه‌ر ببه‌ن...
... تیتله‌کان که‌شتییه‌کی شه‌ڕی تریان نارد بۆ دوڕگه‌که ... ... بیبله‌کانیش که‌شتییه‌کی تریان نارد ...
"ئێمه نابێ ئیزن به بیبله‌کان بده‌ین که‌شتیی شه‌ڕ دروست بکه‌ن" ژنراڵی تیتله‌کان گوتی و سه‌ربازه‌کانی هیرشیان برده سه‌ر کارخانه‌ی کشتیی دروستکه‌ری بیبله‌کان.
"ئیمه ده‌بێ هێرش به‌رینه سه‌ر کارخانه‌ی که‌شتییه‌که‌یان و نه‌هێڵین ئیتر که‌شتی شه‌ڕ دروست بکه‌ن" مارشاڵی بیبله‌کان گوتی.
"ئه‌وان هێرشیان کردۆتە سەرمان" تیتله‌کان گوتیان. "تیتله‌کان هاتوونه‌ته سه‌رمان و شه‌ڕمان پێ ده‌فرۆشن" بیبله‌کان گوتیان.
"ئێمه له ناخی دڵمانه‌وه ئاشتیی مان ده‌ویست!" ژنرالی تیتله‌کان گوتی. "به‌ڵام ئیتر کار له‌کار ترازاوه، ئێمه ده‌بێ گازه‌که‌یان به‌سه‌ردا بپڕژێنین پێش ئه‌وه‌ی ئه‌ون بۆمبامان به‌سه‌ردا ببارێنن!"
"ئێمه شه‌ڕمان نه‌ده‌ویست" مارشاڵی بیبله‌کان گوتی. "به‌ڵام ئیتر دره‌نگ بووه، ئێمه ده‌بی بۆمباکانیان به‌سه‌رداده‌ین هه‌تا به گازی ژه‌هراوی نه‌یانکوشتوین!"
که‌پسوولی گازه‌کان پڕ کران و بۆمباکانیش ئاماده کران.
"ئێستا ئێتر ئێوه ده‌کوژرێن و ته‌نیا به‌رپرسی ئه‌و کاره خۆتانن" تیتله‌کان گوتیان. "ئێستا ئیتر خاپوور ده‌کرێن و به‌رپرسه‌که‌شی ته‌نیا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر خۆتانن که هێنده که‌له شه‌قن" بیبله‌کان گوتیان.
"ره‌نگه باشتر وابایه که من ئه‌و گازه ژه‌هراوییه‌م دروست نه‌کردبایه" زانیاره‌که گوتی. "پێموایه باشتر واده‌بوو من ئه‌و بۆمبا ماڵوێرانکه‌ره‌م دروست نه‌کردبایه" پرۆفسۆره‌که گوتی. "بریا ئێمه هیچ شمشیرێکمان دروست نه‌کردایه" ئاسنگه‌ره‌کان گوتیان. "بریا به‌رگی شه‌ڕمان نه‌درووبایه" به‌رگدرووه‌کان گوتیان. "بریا پەتاتەمان به ده‌وڵه‌ت نه‌فرۆشتبایه" وه‌رزێره‌کان گوتیان. "بریا ئاوا خه‌ڵکییمان بۆ شه‌ڕ هان نه‌دابایه" رۆژنامه‌نووسه‌کان گوتیان. "بریا زۆرتر هه‌وڵمان دابه‌یه بۆ ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵه ڕاستییه‌کان" به‌رپرسی رۆژنامه‌کان گوتیان. "بریا نه‌بووبایه‌ین به سه‌رباز" سه‌ربازه‌کان گوتیان. "بریا ژنراڵه‌که‌مان خانه نشین بکردبایه" تیتله‌کان گوتیان. "بریا مارشاڵه‌که‌مان ده‌ر بکردبایه" بیبله‌کان گوتیان.
هه‌موو که‌له‌شه‌قی و بێ فکریی خۆمان بووه هۆی ئه‌و شه‌ڕه، ده‌نا ئێمه ده‌مانتوانی کۆتایی به‌و شه‌ڕه ماڵوێرانکه‌ره بێنین. هه‌ردووك لا ده‌یانگوت.
یه‌ك له تیتله‌کان به دۆستێکی خۆی گوت: "ئیتر ئێمه خۆمان ناتوانین رزگار بکه‌ین و وادیاره به بۆمبا ده‌مانکووژن. به‌ڵام بیبله‌کان – ئه‌وانیش وه‌ك ئێمه ره‌نگه مرۆڤی باشیان تێدابێ. که‌وابوو خۆمان بگه‌ێینینه گازه ژه‌هراوییه‌کان و نه‌هێڵین به‌سه‌ریاندا بڕژێ."
تاقمێکیش له بیبله‌کان به یه‌کتریان ده‌گوت: "سه‌یر که‌ن ئاخره‌که‌ی به‌هۆی بێ عه‌قڵی و نه‌زانی و گۆێ له‌یه‌کڕانه‌گرتنی خۆمانەوە، که‌وتووینه‌ته بارودۆخێك که ده‌بێ گیانمان فیدا که‌ین. به‌ڵام تیتله‌کان ده‌بێ بزانن که له‌ناو ئێمه‌دا کەسانێک هه‌ن کە ئه‌و شه‌ڕه به باش نازانن و مرۆڤی باشن. که‌وا بوو بچین و بۆمباکان بته‌قێنینه‌وه پێش ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریاندا به‌رببنه‌وه."
"بیبله‌کان گیانی ئێمه‌یان ڕزگار کرد و نه‌یانهێشت بۆمبا کان به‌سه‌رمان دا بته‌قێن" به سه‌رسووڕمانییه‌وه تیتله‌کان گوتیان. "تیتله‌کان گیانی خۆیان بۆ خاتری ئێمه به‌خت کرد و نه‌یانهێشت گازه ژه‌هراوییه‌که‌مان به‌سه‌ردا بپڕژێنن" بیبله‌کان گوتیان.
کاتێك بارودۆخه‌که روون بۆوه و سه‌ربازه‌کان زانیان که له هه‌ردووك لا مرۆڤی باش و دژ به شه‌ڕ هه‌ن و بۆ به‌رگری له شه‌ڕ هاوکاری یه‌کتریان کردوه، هه‌موویان شمشیر و نیزه و تیروکه‌وان و سپه‌ره‌کانیان دانا و گوتیان: "جا چاك نه‌بوو زانیمان و پێشمان به‌و کاره‌ساته گه‌وره‌یە گرت و ئه‌و هه‌ڵه گه‌ورەیە‌مان نه‌کرد." زۆربه‌یان هه‌ناسه‌یه‌کی ئاسوودەیان هه‌ڵکێشا و له خۆشحاڵی چاویان پڕ بوو له فرمێسك و یه‌کتریان له باوه‌ش ده‌گرت. به بڕیاری هه‌موویان ژنراڵ و ماڕشاڵه‌کانیان و هه‌روه‌ها سه‌رۆك کۆمار و پاشایان ده‌رکرد و خانه نشینیان کردن و گوتیان "ئه‌مجاره ئیتر ده‌بێ ژیر بین و له‌خۆڕاوه و به قسه‌ی ئه‌م و ئه‌و شه‌ڕ نه‌که‌ین!" Author's commentsThis site has content self published by registered users. If you notice anything that looks like spam or abuse, please contact the author. |