Martin Auer: شه‌ڕی سه‌یر و سه‌مه‌ره, ڕاهێنانی مرۆڤه بۆ ژیانێکی پڕ له ئاشتی و دوور له شه‌ڕه |
|
Please share if you want to help to promote peace! |
|
Bücher und CDs von Martin AuerIn meinem Haus in meinem Kopf Gedichte für Kinder Die Prinzessin mit dem Bart Joscha unterm Baum Was die alte Maiasaura erzählt Die Erbsenprinzessin Der wunderbare Zauberer von Oz - Hörbuch zum Download Die Jagd nach dem Zauberstab, Roman für Kinder - Hörbuch zum Download Der seltsame Krieg Geschichten über Krieg und Frieden Zum Mars und zurück - Lieder Lieblich klingt der Gartenschlauch - Lieder Lieschen Radieschen und andere komische Geschichten - CD |
شه‌ڕی سه‌یر و سه‌مه‌ره نووسه‌ر: Martin Auer "مارتین ئاوه‌ر" وه‌رگێران له ئاڵمانییه‌وه: نادر فه‌تحی(شوانه)
ئه‌م نووسراوه‌یه بریتییه له چه‌ند چیرۆکی کورت و له ئینترنێت وه‌رگیراوه و وه‌رگه‌ڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی. بابه‌ته‌که نووسه‌رێکی ئوتریشی (نه‌مساوی) به‌ناوی "مارتین ئاوه‌ر" تایبه‌ت بۆ مناڵانی نووسیوه و سه‌باره‌ت به فێربوون و ڕاهێنانی مرۆڤه بۆ ژیانێکی پڕ له ئاشتی و دوور له شه‌ڕ. نووسه‌ر ده‌ڵێ : "له‌و کاته‌وه کتێب بۆ مناڵان ده‌نووسم، لام زۆر گرینگ بووه بتوانم بابه‌ته سه‌ره‌کییه‌کان و به‌تایبه‌ت شه‌ڕ و ئاشتی به زمانێکی ساکاری وا بنووسمه‌وه که مناڵان به‌باشی لێی تێ بگه‌ن. به باوه‌ڕی من تا ئه‌وجێگه‌یه‌ی له تواناماندایه ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین مناڵان تێبگه‌ێینین که شه‌ڕ شتێکی سامناك و ئاشتی شتێکی باشه". سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی مناڵان‌یش ده‌زانن که [شه‌ڕ] ترسێنه‌ر و [ئاشتی] هێورکه‌ره‌وه‌ی ژیانه، ئایا گه‌یشتن به ئاشتی مومکینه؟ ئایا به هه‌زاران ساڵ ئه‌زمونی تاڵی شه‌ڕ که تا ئه‌مڕۆش له زۆربه‌ی به‌شه‌کانی ئه‌م جیهانه وه‌ك مۆته‌که له‌سه‌ر شانمانه، مرۆڤ ناهێنێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که زیاتر بۆ ئاشتی هه‌وڵ بدات؟ به بڕوای من ئه‌وه ئه‌رکێکی گه‌وره و مه‌زنه له‌سه‌ر شانی ئێمه‌ی دایك و باوك و هه‌موو به‌شدارانی کۆمه‌ڵگا، که مناڵان له سه‌ره‌تاوه وا رابهێنین که له داهاتوویی ژیانیاندا جیاواز له هه‌ر بۆچوون و باوه‌ڕێك که هه‌یانبێت، بتوانن له ئاشتی و ئاسووده‌ییدا له‌گه‌ڵ یه‌کتر بژین و وشه‌ی شه‌ڕ و تووڕه‌یی بخه‌نه ناو زبڵدانی مێژووه‌وه. لێره‌دا جێی خۆیه‌تی سپاس و ده‌ستخۆشی کاك ئه‌نوه‌ر سوڵتانی بکه‌م که بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌و بابه‌ته هانی داوم و هه‌ڵه‌کانی بۆ ڕاست کردوومه‌ته‌وه. نادر فه‌تحی(شوانه) ڕێبه‌ندانی 2710ی کوردی
چیرۆکی شایه‌کی زۆر دادپەروەر و باش نووسه‌ر: Martin Auer (مارتین ئاوه‌ر) وه‌رگێران له ئاڵمانییه‌وه: نادر فه‌تحی(شوانه)
رۆژێ له رۆژان شایه‌کی دادپەروەر و باش هه‌بوو که وڵاته‌که‌ی زۆر به باشی به‌ڕێوه‌ده‌برد. پاره‌ی باجی خه‌ڵکه‌که‌ی بۆ دروستکردنی قوتابخانه و زانستگه خه‌رج ده‌کرد و گه‌نجه‌کان هان ده‌دران هه‌موو کار و پیشه‌یەک به باشی فێربن و قوتابییه چالاکه‌کان له زانستگه خه‌ریکی خوێندنی بابەته زانستییه‌کان بن. ده‌ستووری دروستکردنی نه‌خۆشخانه‌ی ده‌دا و بایه‌خێکی زۆری به چالاك ڕاگرتنی دووکتوره‌کان له‌باری زانستیه‌وه ده‌دا؛ په‌یتا په‌یتا بۆ ده‌وره‌ی فێربوونی ده‌ناردن تا به زانستی نوێ ته‌یار بن و نه‌خۆشه‌کان باشتر چاره‌سه‌ر بکه‌ن. فه‌رمانی دروستکردنی هه‌رچی زۆرتری شه‌قام و ئوتوبانی ده‌دا بۆئه‌وه‌ی خوارده‌مه‌نی و به‌رهه‌می ناوچه جۆراوجۆره‌کان به گورجی و به تازه‌یی بگاتە ده‌ست خه‌ڵک. فەرمانی به دادوه‌ره‌کان ده‌دا که سه‌باره‌ت به کێشه‌کانی خه‌ڵکی به دادپه‌روه‌رییه‌وه هه‌ڵس و که‌وت بکه‌ن. هیچکام له فەرمانبەرانی ئیداره‌کان ئیزنی وه‌رگرتنی به‌رتیلیان له خه‌ڵکی نه‌بوو. هەموو هه‌وڵی شا ئه‌وه بوو که بارودۆخێك پێك بێنێ که خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كتر له ئاشتییدا بژین. به مامۆستای قوتابخانه‌کانی راسپاردبوو که مناڵان فیری ئاشتی و ئارامی و سه‌بووری و له‌خۆبوێری دەرحەق به مرۆڤ بکه‌ن- جیاواز له هه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌كی وه‌ك: ره‌نگی پێست، ئایین، زمان، فه‌رهه‌نگ و نه‌ته‌وه و ... که هه‌یان بێت. به گشتیی شا مرۆڤێکی زۆر میهره‌بان، خوێن شیرین، رووح سووك، ئارام و زۆر ئاسایی بوو. ته‌نانه‌ت ئازاری به مێشووله‌یه‌ك نه‌ده‌گه‌یاند. جل و به‌رگه‌کانی، خوارده‌مه‌نییه‌کانی هه‌ر وه‌ك هی خه‌ڵکی زۆر ئاسایی بوون. باجی خه‌ڵکی جگه له‌بۆ کاری گشتی، بۆ دروستکردنی قه‌سر و قه‌ڵا و یاخود ئه‌سپ و ئۆتۆمۆبیلی زۆر گران به‌کار نه‌ده‌هێنا. ژن و دوو منداڵه‌کانی خۆی خۆش ده‌ویستن و کاتی نوستن چیرۆکی شه‌وی بۆ مناڵه‌کان ده‌خوێنده‌وه تا خه‌ویان لێ بکه‌وێ. مه‌زنترین خۆشیی شا ئه‌وه بوو که له پشت میزی کاره‌که‌ی کتێب بخوێنێته‌وه و له‌سه‌ر هه‌واڵی رۆژانه‌ی وڵاته‌که‌ی لێکۆڵینه‌وه بکات و پلان بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگاکه‌ی دابڕێژێ. شا مرۆڤێکی لوت له حه‌وا نه‌بوو و زۆر به روونی بیری ده‌کرده‌وه و کاتێك خۆی له‌گه‌ڵ وڵاته‌کانیتر هه‌ڵده‌سه‌نگاند، بۆی ده‌رده‌که‌وت که به ڕاشکاوی باشترین شا بوو که هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئاره‌زووی هه‌بوونی شایه‌کی وای ده‌کرد. بەڵام له کۆتاییدا، شا هاته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که هیچ که‌سێ له وڵاته‌که‌یدا بۆی نه‌بوو داواخوازی شایه‌کی تربکات، جگه له‌و که‌سانه‌ی که نیه‌تێکی خراپیان هه‌بێ یاخود که‌سێكی خراپ بۆ ته‌نیا مه‌به‌ستی که‌سیی خۆی و گه‌یشتن به مه‌قام و دروستکرنی قه‌سر و قه‌ڵا و کڕینی ئه‌سپ و ئۆتۆمۆبیلی گران بیهه‌وێ جێگای شا بگرێته‌وه. به‌و هۆیه شا به سه‌رۆکی پۆلیسی راگه‌یاند که ئاگادار بێ ئه‌گه‌ر که‌سێکی وایان پێ شك هات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێ هیچ زه‌ره‌رێك به وڵاته‌که‌یان بگه‌ێێنێ، بیگرن و له زیندانی قایم بکەن.
سه‌رۆکی پۆلیس هه‌ڤالێکی کۆنی شا بوو. هه‌ردووکیان پێکه‌وه له قوتابخانه‌یه‌ك ده‌رسیان خوێندبوو. له زانستگاش هه‌ر پێکه‌وه بوون. هه‌ر وه‌ك شا، سه‌رۆکی پۆلیسیش مرۆڤێکی رووح سووك و باش بوو و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه باشه‌کانی مرۆڤی تێدابوو. که‌سی ناخۆش نه‌ده‌ویست و به چاوێك سه‌یری هه‌موو به‌شدارانی کۆمه‌ڵگای ده‌کرد- جیاواز له ره‌نگ و نه‌ته‌وه و زمان و بۆچوون. متمانه‌یه‌کی زۆری به شا هه‌بوو و پێی خۆش نه‌بوو که هیچ زه‌ره‌رێكی پێ بگات. به‌و هۆیه به پۆلیسه‌کانی گوت: "ئێمه شایه‌کی زۆر رووح سووك و باشمان هه‌یه. خۆی به قوتابخانه و زانستگه‌کانه‌وه ماندوو ده‌کات. نه‌خۆشخانه و هه‌موو پێداویستییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا دابین ده‌کات. شه‌قام و ئۆتوبانمان بۆ دروست ده‌کات. جێگای یاری بۆ منداڵان و ... جا بۆ راگرتنی ئه‌و بارودۆخه باشه که کۆمه‌ڵگای ئاوا له ئاشتی و ئارامیدا ڕاگرتووه، چاوتان بکه‌نه‌وه و ئاگادار بن ئه‌گه‌ر که‌سێکی واتان پێ شك هات بیهه‌وێ زیان به شا و له ئەنجامدا به کۆمه‌ڵگا بگه‌ێینێ، بێ وچان بیگرن و له زیندانی بخه‌ن.
پۆلیسه‌کانیش هه‌ر وه‌ك سه‌رۆکه‌که‌یان مرۆڤی زۆر باش بوون و تایبه‌تمه‌ندیی باشی مرۆڤیان تێدا بوو که یه‌ك له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه، گوێڕاگری و سه‌ردانه‌واندن له به‌رانبه‌ر یاسا و شا و سه‌رۆکه‌که‌یان بوو. جا لەبەرئه‌و هۆیه چاوه‌دێرییان ده‌کرد ئه‌گه‌ر که‌سێك دژ به شا بجووڵێته‌وه بیگرن. کاتێك له که‌سێکیان ده‌بیست دەیگوت "ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ی دروستیان کردوه شتێکی زۆر باشه به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌وره‌تربایه باشتر ده‌بوو!"، یا که‌سێکیتر دەیگوت: "بۆچی له قوتابخانه ته‌نیا له‌سه‌ر مێژووی وڵاتی خۆمان شت فێر ده‌بین و زانیاریی له‌سه‌ر مێژووی وڵاته‌کانی تر زۆر که‌م ته‌رخان کراون؟"، ئه‌و کات پۆلیسه‌کان گومانیان لێ دەکردن و بە بیانووی دژایه‌تی و لابردنی شاوە یا دەیانخستنە ژێر چاوه‌دێریی یا ده‌یانگرتن و له زیندانیان ده‌خستن.
دوای ماوه‌یه‌ک تاقمێك خه‌ڵک که نگرانی ئه‌و بارودۆخه نوێیه بوون هه‌وڵیان دا زۆر به جیددی ره‌خنه له ده‌وڵه‌ت بگرن و پێش به‌و گرتن و له زیندان خستنانه بگرن. به‌ڵام نەک هەر ده‌ستکه‌وتێکیان نەبوو، به‌ڵکوو پۆلیس ره‌فتارێکی زۆر خراپتریان لەگەڵ کردن و خرانه ناو زیندان و چاڵه ڕه‌شه‌کانی تایبه‌تی و دادگایی کردنه‌کانیان به دزیه‌وه و به‌بێ ئه‌وه‌ی بڵاو بێته‌وه، به‌ڕێوه‌ده‌چوو و وه‌ك دوژمنی ژماره یه‌ك سه‌یریان ده‌کردن. بڵاو نه‌کردنه‌وه‌ی محاکمه‌کانیان بۆ ئه‌وه بوو که خه‌ڵکی ئاسایی نه‌زانن که له وڵات‌دا که‌سانێكیش هه‌ن رخنه له ده‌وڵه‌ت ده‌گرن. خزم و که‌س و کار و دۆستانی ئه‌و که‌سانه‌ی له زیندانه‌کاندا بوون هه‌رگیز دانه‌ده‌که‌وتن و په‌یتا په‌یتا پرسیاریان سه‌باره‌ت به مرۆڤه دەس بەسەرکراوەکان ده‌کرد و ره‌خنه‌یان له پۆلیسه‌کان ده‌گرت. ئه‌وه خۆی بووه هۆی سه‌پاندنی یاسایه‌کی تازه له لایه‌ن شاوه به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا که: "هیچ که‌س ئیزنی نییه ره‌خنه له پۆلیس بگرێ". رۆژنامه‌کان ئیزنیان نه‌بوو له‌سه‌ر گیراوه‌کان بنووسن. به دوای ئه‌و گیران و زیندانیکردنانه و هاتنه گۆڕێی ئه‌و بارودۆخه نوێیه، له‌ناو خه‌ڵکیدا دوو بۆچوون هه‌بوون. تاقمێك ده‌یانگوت: "ئه‌وه مافی پۆلیسه‌کانه بۆ پارێزگاریکردن له شا که شایه‌کی زۆر باشه، سه‌باره‌ت به‌و که‌سانه‌ی که دژ به شا ده‌جووڵێنه‌وه، هه‌ڵس و که‌وتی وا بکەن". بڕێکیشیان ده‌یانگوت: " ئه‌وه کارێکی دوور له مرۆڤایه‌تییه که خه‌ڵکی بێ تاوان له زیندان و چاڵ بئاخنرێن ته‌نیا به‌هۆی رخنه‌گرتن له کاروباری ده‌وڵه‌ت و ئیزنی محاکەمه‌کردنیشیان پێ نه‌درێت. ئه‌وان ره‌خنه‌یان له‌وه‌ش دەگرت که شا باجی خه‌ڵکی زیاتر بۆ پۆلیسه‌کان ته‌رخان ده‌کات هه‌تا بۆ دروستکردنی قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و شه‌قامه‌کان." ته‌نانه‌ت تاقمێك له خه‌ڵکی هاتبوونه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که ده‌بی شا بگۆڕدرێت و یه‌کیتر بێته جێی. کاتێك چه‌ند که‌سێك له‌و خه‌ڵکه‌ی باوه‌ڕیان به لابردنی شا هه‌بوو گیران، سه‌رۆکی پۆلیس مه‌ترسی لێ په‌یدا بوو و ئه‌و که‌سانه‌ی هێنده به مه‌ترسیدار دا‌نا که مانەوەیانی به باش نه‌ده‌زانی و له‌ڕووی متمانه‌پێکردن و خۆشه‌ویستی شاوە، پێشنیاری به شا کرد که باشتر وایه ئه‌و که‌سانه له ژیاندا نه‌مێنن. ئه‌گه‌رچی سه‌رۆکی پۆلیس خوێنڕشتنی به باش نه‌ده‌زانی، بەڵام بۆ پارێزگاری و ڕاگرتنی شا، ده‌ستووری کوشتنی ئه‌و که‌سانه‌ی دا و ئه‌و بڕیاره له لایه‌ن پۆلیسه‌کانه‌وه که متمانه‌یه‌کی زۆریان به سه‌رۆکه‌که‌یان هه‌بوو و ته‌نیا ئه‌رکی خۆیان به جێ ده‌هێنا، به‌ڕێوه‌چوو. ره‌نگه هه‌موو که‌س بتوانێ لێره‌دا حه‌دس لێ بدا، دواتر چ ده‌قه‌ومێ. حه‌دسه‌که‌تان ته‌واو وایه، سه‌رۆکی پۆلیس له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو که دار و ده‌سته و هاو فیکره‌کانی ئه‌و که‌سانه بۆ رێك خستنی دژایه‌تییه‌که‌یان سه‌باره‌ت به شا خۆیان له وڵاته‌کانی ده‌وروبه‌ر و دراوسێ شاردۆته‌وه و له‌وێوه هێزێكی سوپایی پێك دێنن و بۆ کێشانی پلانی رووخانی ده‌وڵه‌ت، ده‌گه‌ڕێنه‌وه. به‌و هۆیه زۆربه‌ی ماڵیاتی وڵات بو به‌هێزکردنی هێزی سوپایی و سیخۆر بۆ سیخۆریی له وڵاته دراوسێکان ته‌رخان کرا. دیاره وڵاته دراوسێکانیش له‌و بارودۆخه نیگه‌ران بوون و بۆ پارێزگاری له وڵاته‌که‌یان ئه‌وانیش خۆیان به چه‌کی مودێڕنی رۆژ ته‌یار کرد. رۆژێك له رۆژان شای دادپەروەر کە بۆ راگرتنی خۆی له‌سه‌ر کار، هیچ رێگایه‌کیتری بۆ نه‌مابووه و ناچار بوو هێرش به‌رێته سه‌ر وڵاته دراوسێکان. سه‌رۆکی پۆلیسیش که ئاوا مرۆڤێکی دژ به خوێنڕێژی و توندوتیژی بوو هیچ رێگایه‌کیتری بۆ نه‌ماوه جگه له ناردنی پۆلیسه‌کان و هێزی سوپایی بۆ ناو شه‌ڕ. هه‌موو ئه‌و گه‌نجانه‌ی که له منداڵییه‌وه فێر کرابوون سه‌باره‌ت به بۆچوونه‌کانیتر سه‌بوور بن و تۆله‌رانسیان هه‌بێ، هیچ رێگایه‌كیان بۆ نه‌ماوه جگه له به‌شداریکردن له شه‌ڕ. |