Martin Auer: شه‌ڕی سه‌یر و سه‌مه‌ره, ڕاهێنانی مرۆڤه بۆ ژیانێکی پڕ له ئاشتی و دوور له شه‌ڕه |
|
خه‌ڵکه سه‌یره‌که‌ی سه‌ر گۆی میوه‌جاتPlease share if you want to help to promote peace! Nader FathibokaniThis translation has not yet been reviewed |
|
Bücher und CDs von Martin AuerIn meinem Haus in meinem Kopf Gedichte für Kinder Die Prinzessin mit dem Bart Joscha unterm Baum Was die alte Maiasaura erzählt Die Erbsenprinzessin Der wunderbare Zauberer von Oz - Hörbuch zum Download Die Jagd nach dem Zauberstab, Roman für Kinder - Hörbuch zum Download Der seltsame Krieg Geschichten über Krieg und Frieden Zum Mars und zurück - Lieder Lieblich klingt der Gartenschlauch - Lieder Lieschen Radieschen und andere komische Geschichten - CD |
خه‌ڵکه سه‌یره‌که‌ی سه‌ر گۆی میوه‌جات نووسه‌ر: Martin Auer (مارتین ئاوه‌ر) وه‌رگێران له ئاڵمانییه‌وه: نادر فه‌تحی(شوانه) گۆی میوه‌جات گۆیەکی چکوولانه بوو که له چه‌ند گوند پێکهاتبوو. له هه‌ریه‌ك له‌و گوندانه میوه‌یه‌ك به‌رهه‌م ده‌هێنرا. خه‌ڵکی گونده‌کان به ناوی میوه‌که‌یانه‌وه نێودێر کرابوون. وه‌ك: خه‌ڵکی گوندی سێ‌و، خه‌ڵکی گوندی هه‌رمێ، خه‌ڵکی گوندی پرته‌قاڵ و خه‌ڵکی گوندی به‌هێ و ... هتد. خه‌ڵکی سێ‌و بۆ بژی‌و له کومپوتی سێ‌و، ئاوی سێ‌و، که‌یکی سێ‌و و مره‌بای سێ‌و که‌ڵکیان وه‌رده‌گرت. خه‌ڵکی هه‌رمێش له کومپوتی هه‌رمێ، ئاوی هه‌رمێ، که‌یکی هه‌رمێ و مره‌بای هه‌رمێ بژیوان ده‌کرد. هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ژیان له گونده‌کانی پرته‌قاڵ و به‌هێ و ئه‌وانیتردا به‌ڕێوه ده‌چوو. بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ژیانی خه‌ڵکی ئه‌و گوندانه به باشی به‌ڕێوه ده‌چوو و هیچ کێشه‌یه‌کیان نه‌بوو. به‌ڵام رۆژێك له ڕۆژان تاقمێك خه‌ڵکی هه‌رمێ که له خواردنی هه‌رمێ ماندوو ببوون، گوتیان: ده‌زانن چی؟ "ئێمه ده‌بێ ببین به دز!" "دز"؟ "ئه‌وه ئیتر چییه؟" "زۆر ساکاره: به ئه‌سپایی و له تاریکی شه‌ودا خۆمان له خه‌ڵکی سێ‌و که له خه‌و دان، نزیك ده‌که‌ینه‌وه و ده‌ست ده‌که‌ین به لێدانیان. دواتر تا ئه‌و جێگایه‌ی بۆمان هه‌ڵده‌گیرێ، سێویان لێ ده‌دزین و گورجێك ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ گوندی خۆمان. ئه‌وکات ده‌توانین ئێمه‌ش کومپوتی سێ‌و، ئاوی سێ‌و، که‌یکی سێ‌و و مره‌بای سێ‌و بخوێن!" "ئێ زۆر باشه!"، "ئافه‌رم". خه‌لکی هه‌رمێ به هاوار هاوار چه‌پڵه‌یان بۆ لێدان و گوتیان: "به خوا ئه‌وه کارێکی زۆر خۆشه!" به‌ڵێ... بێ ئه‌وه‌ی به باشی بیر له داهاتووی ئه‌و کاره بکه‌نه‌وه به ئه‌سپایی و له تاریکی شه‌ودا هێرشیان برده سه‌ر ماڵه‌کانی خه‌ڵکی گوندی سێ‌و که له خه‌وی خۆشی خۆیاندابوون. تێروپڕیان لێ دان و تا ئه‌و جێگایه‌ی بۆیان هه‌ڵگیرا، سێویان له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵگرت و بۆی ده‌رچوون. خه‌ڵکی گوندی سێ‌و زۆر ترسان و یه‌کجار په‌شۆکاو و خه‌مناك بوون. "ئه‌وه چی بوو؟" به یه‌کتریان ده‌گوت. کاره‌ساتی ئه‌وها تا ئێستا نه‌قه‌وماوه! ره‌نگه خه‌ڵکی گوندی هه‌رمێ هه‌موویان شێت بووبن؟ ده‌بێ پووره مێشێ یان بنێرینه لا، بۆئەوەی چاکیان کاته‌وه!" پووره مێشی ژنێکی پیری خوێن شیرین بوو که چه‌شنە رۆنێکی سیحراوی له نێوکی سێ‌و ده‌گرت و بۆ ده‌رمانی نه‌خۆشه‌کانی گوند که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرت. خه‌ڵکی گونده‌که متمانه‌یه‌کی زۆریان به پووره مێشێ هه‌بوو. به‌ڵێ... به‌یانی زوو پووره مێشێ گۆزه‌ی پڕ له ڕۆنی سیحراوی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرت و بۆ ده‌رمانی خه‌ڵکی گوندی هه‌رمێ وه‌ڕێ که‌وت. به‌ڵام لای ئێواره پووره مێشێ گه‌ڕایه‌وه بۆ گونده‌که‌ی خۆیان و گوتی: "ئه‌وان نایانهه‌وێ خۆیان ده‌رمان بکه‌ن." "هه‌ڕه‌شه‌یان لێ کردم و له گونده‌که‌ی خۆیان ده‌ریان کردم." "به‌ڕاستی ئه‌وه زۆر سه‌یره!"، خه‌لکی سێ‌و گوتیان، "ئێستا چی بکه‌ین؟" "ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌یانهه‌وێ خۆیان ده‌رمان بکه‌ن، وا دیاره نه‌خۆش نین، به‌ڵکوو خه‌ڵکێکی تووڕه و خراپن. که وا بوو ئێمه ده‌بێ تۆڵه‌ی خۆمانیان لێ بکه‌ینه‌وه!" "به‌ڵێ تۆڵه‌ی خۆمان ده‌که‌ینه‌وه، ئێمه‌ش هێرشیان ده‌که‌ینه سه‌ر و لێیان ده‌ده‌ین و هه‌رمێ کانیان ده‌دزین. ئه‌وه مافی خۆمانه!" خه‌ڵکی سێ‌و هه‌موویان ده‌ستیان کرد به چه‌پڵه لێدان و هه‌ر که‌س له لایه‌که‌وه ده‌یگوڕاند و ته‌نیا له‌و ناوه‌دا پووره مێشێ سه‌ری ڕاده‌وه‌شاند و زۆر په‌شێو و خه‌مناك بوو. هه‌ر وه‌ك بڕیاریان دابوو، خه‌ڵکی سێ‌و نیوه‌شه‌و کاتێ خه‌ڵکی هه‌رمێ له خه‌وی شیرین دا بوون، هێرشیان کردنه سه‌ر و تێر و پڕیان لێدان. دوایی تا ئه‌و جێگایه‌ی بۆیان هه‌ڵده‌گیرا هه‌رمێ یان له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵگرت و ده‌رباز بوون. "ئه‌ی چی ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش بۆ تۆڵه سەندنه‌وه هه‌میسان هێرشیان کردینه‌وه سه‌ر؟" پووره مێشێ پرسیاری لێ کردن. هه‌موو زۆر به نگه‌رانییه‌وه سه‌یری پووره مێشێ یان ده‌کرد، تا یه‌ك له کوڕه ئازاکانی گوند به ناوی "شه‌ڕ" گوتی: "ئێمه گه‌نجانی گوند ده‌بێ به نۆبه له ده‌وری دێ گۆپاڵ به‌ده‌ست کێشك بکێشین و ئه‌گه‌ر هاتن هێرشیان ده‌که‌ینه سه‌ر و تێروپڕیان لێ ده‌ده‌ین." به‌ڵێ... کوڕانی گوند هه‌ر وه‌ك "شه‌ڕ" پێشنیاری کردبوو، گۆپاڵ به ده‌ست له ده‌وری گونده‌که‌یان کێشکیان ده‌کێشا. هه‌ر وه‌ك پووره مێشێ پێشتر پێشبینی کردبوو، شه‌وێکیان خه‌ڵکی هه‌رمێ بۆ تۆڵه سەندنه‌وه هاتبوونه سه‌ر گوندی سێ‌و و له پرێکدا که‌وتنه به‌ر هێرشی کێشکچیان و هه‌موویان به برینداری گه‌ڕانه‌وه بۆ گونده‌که‌ی خۆیان. "فه‌رموون، هه‌ر وه‌ك من گوتبووم، نیشانمان دان که ئێمه له‌وان زۆر به‌هێزترین!" به غروورێکی زۆره‌وه "شه‌ڕ" به خه‌ڵکی گوندی گوت. "ئیتر پێموانییه به‌و زووانه بتوانن هێرشمان بکه‌نه سه‌ر." "زۆر جوان و به ڕێ وجێیه" گه‌نجانی گوند که ماوه‌ی دوو حه‌وتوویه‌ك بوو کێشکیان ده‌کێشا، گوتیان. به‌ڵام ده‌زانی چییه، روویان کرده "شه‌ڕ" و گوتیان: "ئێمه ئه‌وه ماوه‌ی دوو حه‌وتووه به شه‌و کێشك ده‌کێشین و به ڕۆژ ده‌خه‌وین. له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌موو کومپوتی سێ‌و و که‌یکی سێ‌و و مربای سێوه‌کانمان خواردوه و کاتمان بۆ دروستکردنی خوارده‌مه‌نی نه‌بووه." "که وابوو ئه‌وه ئه‌رکی خه‌ڵکی گونده‌که‌یه و ده‌بێ ئەوان خوارده‌مه‌نی ئێمه دابین بکه‌ن." شه‌ڕ گوتی. "چونکه ئه‌وه روونه که ئێمه کێشکمان بۆ هه‌موویان کێشاوه!" له‌مه به‌ولاوه هه‌موو خه‌ڵکی گوندی سێ‌و به‌شێک له خوارده‌مه‌نییه‌که‌یان بۆ کێشکچییان ته‌رخان ده‌کرد. به‌شی "شه‌ڕ" له هەموان زۆرتر بوو. "چونکه من ده‌بێ ئاگام له هه‌موویان بێت!" "شه‌ڕ" ده‌یگوت. "من به‌رپرسیایه‌تیم له‌سه‌ر شانه!" دوای ماوه‌یه‌ك خه‌ڵکی گوندی سێ‌و بۆڵه‌بۆڵیان لێ پیدا بوو که به‌و هۆیه‌ی گه‌نجه‌کان ئیتر کار ناکه‌ن و به جێی هاوکاریی گشتیی واته دروستکرنی کومپوت و مربا و خوارده‌مه‌نیتر، خه‌ریکی کێشك کێشانن، خوارده‌مه‌نی وه‌ك جاران به‌شی هه‌موویان ناکات. "به‌ڵێ وایه"، "شه‌ڕ" گوتی، "خه‌تای کێیه که گه‌نجه‌کانمان به جێی کارکردن خه‌ریکی کێشك کێشانن؟ دیاره خه‌ڵکی گوندی هه‌رمێ! که‌وابوو ده‌بێ هه‌ر خۆشیان تاوانه‌که‌ی بده‌ن!" "شه‌ڕ" گه‌نجه‌کانی گوندی کۆ کرده‌وه و هێرشی برده سه‌ر گوندی هه‌رمێ که جارێکی‌تریش لێ یان بده‌ن و هه‌رمێکانیان لێ بدزن! به‌ڵام خه‌ڵکی گوندی هه‌رمێش کێشکچییان دانابوو و له ناویاندا بوو به شه‌ڕێکی زۆر قورس و گران و دوای بریندارێکی زۆر له هه‌ردوك لا، خه‌ڵکی سێ‌و به‌بێ هه‌رمێ گه‌ڕانه‌وه بۆ گوندی خۆیان. "شه‌ڕ" گوتی: ئێمه ئەمجار ده‌بێ تۆڕ بچنین و کاتێ هێرش ده‌به‌ینه سه‌ر گوندی هه‌رمێ، ده‌یهاوینه سه‌ر کێشکجییه‌کان و به‌وجۆره ده‌توانین زه‌فه‌ریان پێ به‌رین و ڕاو و ڕووتیان که‌ین. خه‌ڵکی گوندی سێ‌و هه‌موو به وته‌ی "شه‌ڕ" به‌ربوونه چنینی تۆڕ و ئه‌مجاره توانیان بیانشکێنن و هه‌رمێکانیان لێ بدزن. "شه‌ڕ" به سه‌ربه‌رزی له پێش له‌شکره‌که‌یه‌وه به‌ره‌و گوند ده‌گەڕایەوە و هه‌رکام له لاوە‌کان ته‌لیسێکیان هه‌رمێ له‌سه‌ر شانیان دانابوو. دیاره "شه‌ڕ" به بێ ته‌لیس و بێ ئه‌وه‌ی خۆی ماندوو بکات له پێشیانه‌وه ده‌ڕۆیشت، چونکه ئه‌و به‌رپرسایه‌تی هه‌موویانی له‌سه‌ر شان بوو. "شه‌ڕ" "ده‌ستووری دا که هه‌رمێکان له ناوه‌ڕاستی گونده‌که کۆ که‌نه‌وه و کۆگایه‌کی لێ دروست بکه‌ن. دواتر ئه‌مری کرد کۆگا گه‌وره‌که بکه‌ن به سێ به‌ش و سێ کۆگای چکووله‌ی لێ سازبکه‌ن. ئه‌و گوتی: کۆگایه‌ك له مابه‌ین خه‌ڵکی گونده‌که‌دا به‌ش که‌ن، کۆگای دووهه‌م بۆ سه‌ربازه‌کانم چونکه ئاوا ئازایانه شه‌ڕیان کردووه و کۆگای سێهه‌میش به ته‌نیا بۆ خۆم چونکه به‌رپرسایه‌تیی هه‌مووتانم له ئه‌ستۆیه." هه‌موو خه‌لکی گونده‌که چه‌پڵه‌یان بۆ "شه‌ڕ" لێدا و له‌سه‌ر شانی خۆیان دانا. ته‌نیا ژنه پیره‌که واته پووره مێشێ به نگه‌رانییه‌وه سه‌ری ڕاوه‌شاند و گوتی: "ئه‌ی ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی هه‌رمێش خه‌ریکی تۆڕ چنین بن، چی؟" "من ئیتر ده‌زانم چی بکه‌ین!"، "شه‌ڕ" گوتی. "ئێمه دیوارێکی به‌رز به ده‌وری گونده‌که‌ماندا ده‌کێشین، که ئیتر نه‌توانن هێرشمان بکه‌نه سه‌ر." به‌لێ ... خه‌ڵکی گوندی سێ‌و مه‌جبوور کران دیوارێکی به‌رز به ده‌وری گونده‌که‌یاندا بکێشن که ئه‌وه‌ش خۆێ کاتێکی زۆری لێ گرتن. به‌ڵام خه‌ڵکی هه‌رمێش که بیستبویان گوندی سێ‌و خه‌ریکی دیوار کێشان به ده‌وری گونده‌که‌یانن، نه‌یانویست له‌وان به‌جێ بمێنن و ئه‌وانیش دیوارێکی به‌رزیان له ده‌وری گونده‌که‌یان دروست کرد. خه‌ڵکی گوندی هه‌رمێ نه‌ک هەر تۆڕیان بۆ هاویشتنه سه‌ر کێشکچییه‌کان چنی، به‌ڵکوو نه‌ردیوانی زۆر درێژیشیان دروست کرد تا بتوانن وه‌سه‌ر دیواره‌که‌ی گوندی سێ‌و که‌ون. شه‌وێکیان له تاریکیدا به توڕ و نه‌ردیوان هێرشیان برده سه‌ر گوندی سێ‌و و ڕاو و ڕووتیان کردن. "ئیتر به‌سه!" ئاغای "شه‌ر" گوتی. "ئێمه ده‌بێ ده‌رسێك به‌و خوێڕییانه بده‌ین که تا هه‌ن له بیریان نه‌چێته‌وه!" "شه‌ڕ" ده‌ستووری دروستکردنی قه‌ڵایه‌کی گه‌وره‌ی دا که له‌سه‌ر چه‌رخ دروستکرابێ و بتوانن له‌گه‌ڵ خۆیان ڕایکێشن. ئه‌و ده‌یهه‌ویست به پاڵپێوه‌نان ئه‌و قه‌ڵایه بباته ته‌نیشت دیواری گوندی هه‌رمێ و له‌وسه‌ره‌وه ئاور بخاته ناو ماڵه‌کانیانه‌وه. به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌شدا خه‌ڵکی گوندی هه‌رمێ قۆچه‌قانییه‌کی گه‌وره‌یان بۆ پارێزگاری گونده‌که‌یان دروست کرد که ده‌یانتوانی به‌ردی زۆر گه‌وره‌ی پێ حه‌واده‌ن. له شه‌وێکی تاریک‌دا که چاو چاوی نه‌ده‌دیت، له‌شکری گوندی هه‌رمێ بۆ هێرش کردنه سه‌ر گوندی سێ‌و وه‌ڕێ که‌وت. هاوکات له‌شکری گوندی سێویش هه‌ر ئه‌و شه‌وه به بێ ئه‌وه‌ی بزانن که هێرشیان ده‌کرێته سه‌ر، که‌وتنه ڕێ بۆ تۆڵه سەندنه‌وه له گوندی هه‌رمێ. به‌و هۆیه‌ی زۆر تاریك بوو، دوو له‌شکره‌که به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به یه‌کتر بکه‌ن له په‌نای یه‌کتره‌وه تێپه‌ڕ بوون. کاتێك له‌شکری گوندی سێ‌و قه‌ڵاکه‌یان له په‌نا دیواری گوندی هه‌رمێ دامه‌زراند، ئاغای "شه‌ڕ" چووه سه‌ر قه‌ڵاکه و له‌وێوه نه‌ڕاندی: "ده‌روازه‌که بکه‌نه‌وه و خۆ به ده‌سته‌وه ده‌ن، ده‌نا ته‌واوی گونده‌که‌تان لێ ده‌سووتێنین." لەبەرئەوه‌ی له‌شکری گوندی هه‌رمێ له‌ماڵه‌وه نه‌بوون، گورجێك ده‌روازه‌که‌یان لێ کردنه‌وه و ئیزنی هاتنه ژووری دوژمنیان دا. کاتێکیش له‌شکری گوندی هه‌رمێ گه‌ییشتنه په‌نا دیواری گوندی سێ‌و، قۆچه‌قانییه گه‌وره‌که‌یان دامه‌زراند و سه‌رکرده‌که‌یان له‌سه‌ر کوته کاغه‌زێك نووسی : "خۆتان به ده‌سته‌وه ده‌ن، ده‌نا گونده‌که‌تان خاپوور ده‌که‌ین!" کوته کاغه‌زه‌که‌ی له به‌ردێك هاڵاند و به قۆچه‌قانییه‌که خستییه ئه‌ودیوی دیواره‌که. خه‌لکی گوندی سێ‌و هیچ رێگایه‌کی تریان نه‌ما و ده‌روازه‌یان لێ کردنه‌وه. به‌ڵام کاتێك له‌شکری گوندی سێ‌و ده‌ستی به دزین کرد، دیتیان هیچ خوارده‌مه‌نییه‌کیان نه‌ماوه‌ته‌وه. ته‌نیا چه‌ند چۆر مربای هه‌رمێ و چه‌ند له‌ت که‌یکی ئیشك بوو و که‌مێكیش کومپوت که هه‌مووی برشی هێنابوو. "ئیتر هیچمان نه‌ماوه‌ته‌وه"، خه‌ڵکی گوندی هه‌رمێ گوتیان. "ئێمه کاتی دروستکردنی خوارده‌مه‌نیمان نه‌بووه و هه‌موو کاتمان بۆ دروستکردنی که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕ ته‌رخان کردووه." "ئێمه‌ش هیچ خوارده‌مه‌نییه‌کمان نه‌ماوه‌ته‌وه" خه‌ڵکی گوندی سێ‌و به له‌شکری گوندی هه‌رمێیان گوت. ئێمه ته‌نانه‌ت چونکه کاتمان نه‌بووه سێوه‌کان له داره‌کان بکه‌ینه‌وه، هه‌ر هه‌موویان ڕزیون و خراپ بوون. به‌داخه‌وه ئێمه هه‌موو کاتمان به هۆی شه‌ڕه‌وه گیراوه. "به‌زیاد نه‌بێ" سه‌رۆکی له‌شکری گوندی هه‌رمێ گوتی و ڕێی گونده‌که‌یان گرته‌به‌ر. "به جه‌هه‌ننه‌م" سه‌رۆکی گوندی سێ‌و گوتی و ئه‌وانیش به‌ره‌و گونده‌که‌یان وه‌ڕێ که‌وتن. به‌ره‌به‌یانیی ئه‌و ڕۆژه هه‌وا تازه خه‌ریكبوو ڕوون ده‌بۆوه، هه‌ر دووك له‌شکره‌که له نێوه‌ی رێگا تووشی یه‌کتر بوون. چونکه هیچکامیان ده‌ستکه‌وتی خوارده‌مه‌نییان نه‌بوو، به تووڕه‌یی به‌ربوونه گیانی یه‌کتر. به‌ڵام دوو سه‌رۆکه‌که ته‌نیا سه‌یریان ده‌کردن و بۆڵه‌یان ده‌هات و ئیتر ئه‌وان شه‌ڕیان نه‌کرد. کاتێك دوو له‌شکره‌که هه‌موو سه‌ر و گوێلاکیان شکا، سه‌رۆکه‌کان ده‌ستووری کشانه‌وه‌یان دا و هه‌ر که‌س به له‌شکری خۆیه‌وه گه‌ڕا‌وه بۆ ماڵه‌وه. رۆژی دوایی ئاغای "شه‌ڕ" خه‌ڵکی گونده‌که‌ی خۆیانی کۆ کرده‌وه و گوتی: " ئێمه ده‌بێ به گورجی خه‌ریکی دروستکردنی خوارده‌مه‌نی بین و که‌یك و مربا و کومپوت دروست بکه‌ین. ئێمه ده‌بێ زۆر زووتر له دوژمن ده‌ست به کار بین تا بۆ شه‌ڕی داهاتوو ئاماده‌یی باشترمان هه‌بێ!" به‌ڵام پووره مێشی گوتی: "به داخه‌وه نابێ و ناکرێ. ئیتر هیچ سێومان نه‌ماوه، چونکه به‌هۆی شه‌ڕه‌وه که‌س به دارسێوه‌کان ڕانه‌گه‌یوه. سێوه‌کان هه‌موویان له‌سه‌ر زه‌وی ترشاون. بۆ دروستکردنی که‌یکیش ئارد مان نه‌ماوه و به‌و شێوه‌یه ناتوانین درێژه به ژیان بده‌ین. ئه‌گه‌ر ئاوا بچێته پێش هه‌موومان له برسان ده‌مرین. هیچ مانایه‌کی نییه کاتێ خوارده‌مه‌نییه‌ك له گۆڕێ دا نه‌بێ دزی له یه‌کتر بکه‌ین! ئه‌گه‌ر ئێمه ده‌مانهه‌وێ خوارده‌مه‌نی تەواومان هه‌بێ، ده‌بێ هه‌ر هه‌موومان ته‌واوی رۆژ خه‌ریکی کارکردن و لێنان و دروست کردن بین. هه‌ر وه‌كوو خه‌ڵکی گوندی هه‌رمێش پێویستییان به کارکردن هه‌یه. له دزیکردن نه دار سێ‌و شین ده‌بێ و نه دارهه‌رمێ. ئێمه ده‌بێ له‌گه‌ڵ گوندی هه‌رمێ ئاشت بینه‌وه!" خه‌ڵکی گونده‌که لەبەرئەوه‌ی ئیتر شه‌ڕ نەمێنێ و بتوانن خوارده‌مه‌نی دروست بکه‌ن، ده‌نگی خۆیان دا به پووره مێشێ. ته‌نیا ئاغای "شه‌ڕ" زۆر تووڕه و ناڕازی بوو. چونکه ئه‌گه‌ر شه‌ڕ نه‌بێ، ناتوانێ ده‌ستوور بدا و به‌رپرسایه‌تی له ئه‌ستۆ بگرێت. ده‌سکه‌وتێکیش لە شه‌ڕدەست نەدەکەوت که به‌شێکی زۆری بۆخۆی هه‌ڵگرێ. به‌ڵێ... ئاغای شه‌ڕ سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت و چووه گوندی پرته‌قاڵ و به‌وانی گوت: "باش گوێ راگرن. خه‌ڵکی گوندی هه‌رمێ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه هیچ خواده‌مه‌نییه‌کیان نه‌ماوه. زۆر دوور نییه له برسانه شاڵاو بێننه سه‌ر ئێوه و لێتانده‌ن و دزیتان لێ بکه‌ن. خه‌ڵکی گوندی پرته‌قاڵ بە قامکێك پشت گوێچکه‌یان خوراند و گوتیان "ئێمه خۆ هیچ زیانێکمان به‌وان نه‌گه‌یاندووه!" "ئه‌وه شه‌رت نییه، ئه‌وان برسین و بۆیان گرنگ نییه" ئاغای "شه‌ڕ" گوتی. "زۆر ترسناك و جێی نگرانییه" خه‌ڵکی گوندی پرته‌قاڵ گوتیان. "ئه‌ی ئێمه ده‌بێ چ بکه‌ین؟" "ئێمه هیچ کاراییه‌کمان له شه‌ڕکردندا نییه." "به‌ڵام ئێمه زۆر باشی لێ ده‌زانین!" ئاغای شه‌ڕ گوتی. من پێشنیارێکم هه‌یه: به‌وهۆیه‌ی ئێمه له گوندی خۆمان میوه‌مان زۆر نییه، چه‌ند سه‌وه‌ته‌یه‌کمان پرته‌قاڵ بده‌نێ، ئێمه‌ش کاتی هێرش هاوکارییتان ده‌که‌ین." "ده‌ی باشه"، به نابه‌دڵییه‌وه خه‌ڵکی گوندی پرته‌قاڵ گوتیان. "هیچ ڕێگایه‌کیترمان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه!" ئاغای شه‌ڕ گه‌ڕایه‌وه بۆ گونده‌که‌ی خۆیان و رووی کرده خه‌ڵکی گونده‌که و گوتی: "ئه‌گه‌ر هه‌ر ئێستا خه‌ریکی کارکردن بین، ساڵێك ده‌خایێنێت تا دارسێوه‌کانمان به‌ر بێنن. ئه‌دی چلۆن ده‌تانه‌وێ تا ساڵێکی‌تر ژیان بکه‌ن؟ ئه‌گه‌ر ئێمه رێگای ئاشتی بگرینه به‌ر، ده‌بێ تا ساڵیکیتر هه‌ر برسی بین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی گوندی پرته‌قاڵ به‌ره‌یه‌ك ساز که‌ین بۆ به‌ربه‌ره‌کانی دژبه گوندی هه‌رمێ، ده‌توانین هه‌ر ئێستا پرته‌قاڵمان بۆ خواردن هه‌بێ و مه‌جبوور نین ساڵێك برسێتی بکێشین." "به‌ڵێ، ئاوا زۆر باشتره" لاوانی گونده‌که که له شه‌ڕه‌کانی پێشوو ماندوویان حه‌سابۆوه، گوتیان. "ئێمه شه‌ڕمان زۆر پێ باشتره هه‌تا چاندنی داری میوه." خه‌ڵکانی تری گونده‌که‌ش به قامکێك پشت سه‌ریان خوراند و گوتیان: "ساڵێکی ته‌واو برسی بمێنین! کێ ده‌توانێ ساڵێك خۆی برسی ڕابگرێ؟" به‌و‌هۆیه زۆربه‌یان ده‌نگی خۆیان به ئاغای "شه‌ڕ" دا. تانیا له‌و ناوه‌دا پووره مێشێ سه‌ری خۆی ڕاده‌وه‌شاند. له‌و ماوه‌یه‌دا که خه‌ڵکی گوندی سێ‌و به مه‌به‌ستی رێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی گوندی پڕته‌قاڵ دژ به خه‌ڵکی گوندی هه‌رمێ ، خه‌ریکی خۆ ئاماده‌کردن بوون ، خه‌ڵکی هه‌رمێ و خه‌ڵکی پرته‌قاڵ ببوونه به‌ره‌یه‌ك و رێککه‌وتبوون. هه‌موو خه‌ڵکه‌کانی تری ناوچه‌که‌ش دیوار‌یان به ده‌وری گونده‌کانیان دا کێشابوو و تۆڕ و نه‌ردیوان و قۆچه‌قانی و زۆر که‌ره‌سه‌ی تری شه‌ڕیان بۆ پارێزگاری له خۆیان ئاماده کردبوو. دوای ماوه‌ی ساڵێك به هۆی سه‌رقاڵ بوون به ته‌وه‌ری شه‌ڕه‌وه و ئه‌وی که وه‌ك جاران ئیتر خه‌ریکی ئاماده‌کردنی خوارده‌مه‌نی نه‌بوون، له سه‌ر هه‌موو گۆی خوارده‌مه‌نی، نه هیچ خوارده‌مه‌نییه‌ک ما و نه هیچکه‌سیش ئیتر دزی ده‌کرد. دوای ئه‌و کاره‌ساته پووره مێشێ ته‌واوی ژنانی گونده‌کانی گۆی خوارده‌مه‌نی له جێگایه‌ك کۆ کرده‌وه و پێی گوتن: "ئا بەم شێوه‌یه ئیتر ناتوانین درێژە بەژیان بده‌ین. له شه‌ڕکردن و دزی کردن نه داری سێ‌و شین ده‌بێ و نه داری هه‌رمێ و نه داره‌کانیتر. بۆ درێژه‌دان به ژیان و داهاتووی مناڵه‌کانمان هه‌ر وه‌ك له‌هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کدا باوه، دەبێ که‌سانێک کاربکەن و خواردەمەنی ئاماده بکەن. لەبەر ئەوەی ئێمه ده‌بێ هه‌موومان کار بکه‌ین بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ژیانمان، ئیتر شه‌ڕ کردن و دزی له‌یه‌کتر کردن مانای نامێنێ. تۆڕ و قۆچه‌قانی و دیوار و که‌ل و په‌لی شه‌ڕ زگی ئێمه تێر ناکه‌ن. "گوته‌کانت زۆر ڕاستن" ژنانی به‌شدار له کۆبوونه‌وه‌که گوتیان. "که وابوو، به پیاوه‌کانتان بڵێن، قۆڵی لێ هه‌ڵماڵن و هه‌رچی زووتر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو مه‌زراو باغ و جێگای کاره‌کانیان. ده‌نا به‌و شێوه‌یه هه‌ر هه‌موومان له برسانه ده‌مرین. "به چاوان" هه‌موو ژنه‌کان پێکه‌وه گوتیان. به‌ڵێ... پیاوه‌کان دوای ئەوەی داوای لێ بوردنیان له ژنه‌کان کرد، قۆڵیان ڵێ هه‌ڵماڵی و ده‌ستیان کرده‌وه به کارکردن و گوتیان ئیتر ناهێڵین کاره‌ساتی وا دووپات بێته‌وه و ئاشتی و ئارامی گه‌ڕایه‌وه سه‌ر گۆی خوارده‌مه‌نی. دوای ماوه‌ی دوو تا سێ ساڵ کارکردن، هه‌موو گونده‌کان به ڕادەی پێویست و زیاتر له پێویستیش خوارده‌مه‌نییان هه‌بوو. خۆارده‌مه‌نی هێنده زۆر ببوو که ژنانی هه‌رکام له گونده‌کان کومپوت و مره‌با و که‌یک و میوه‌ی خۆیان بۆ گونده‌کانیتریش ده‌نارد. لەبەر ئەوەی ماوه‌یه‌کی زۆر ئاشتی و ئارامی گه‌ڕابۆوه ناو گونده‌کان و هه‌موو به‌شدارانی کۆمه‌ڵگا کاریان ده‌کرد، کاتێکی زۆریشیان بۆ ده‌ماوه که بیر له چاکسازی ناو کۆمه‌ڵگا و دروستکردن و دۆزینه‌وه‌ی که‌ره‌سه بۆ ژیانی باشتر بکه‌نه‌وه. بۆ وێنه که‌ره‌سه‌ی میوه له‌دار کردنه‌وه‌یان دروست کرد که ئیتر مه‌جبوور نه‌بن به سه‌ر داره‌کاندا هه‌ڵڕوسکێن. هه‌رچی که‌ره‌سه‌ی تازه دروست دەبوو، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش کاتی پیاسەکردنیان زیاتر ده‌بوو. به‌ڵام رۆژێك له ڕۆژان ئاغای "شه‌ڕ" که وا دیاربوو له‌و ماوه‌یه‌دا زگی زۆر تێر ببوو، رووی کرده خه‌ڵکی گوندی سێ‌و و گوتی: "ئاوا نابێ، که ئێمه به‌هۆی ئه‌و که‌ره‌سانه‌وه نیوه‌ی رۆژ بێکار و ته‌وه‌زه‌ل دابنیشین. ئه‌ی چی بکه‌ین، ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی گوندی هه‌رمێ به‌سه‌رماندا زاڵ بن و مه‌جبوورمان بکه‌ن ئه‌و "نیوه‌ڕۆژه‌مان" بۆ ئه‌وان کار بکه‌ین؟ خه‌ڵکی گوندی هه‌رمێ وه‌ك من بزانم چه‌قۆیه‌کیان دروست کردووه که به راحه‌تی پێستی هه‌رمێ پاك ده‌کات. ئه‌وه جێی مه‌ترسییه‌کی یه‌کجار گه‌وره‌یه، چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌وان له داهاتوودا کاتیان زیاتر بێت، به‌رده‌بنه دروستکردنی که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕ و خۆیانی پێ به هێز ده‌که‌ن. که وابوو ئێمه‌ش ئه‌و نیوه‌ڕۆژه‌ی وا کارمان نییه نابێ خۆمان به یاری کردن و خۆشگوزه‌رانی و گێڕانه‌وه‌ی مه‌ته‌ڵ و چیرۆك و مێژووه‌وه بخافڵێنین. ئێستا کاتمان هه‌یه که خۆمان به هێز بکه‌ین و بۆ دواڕۆژ، خۆمانی پێ بپارێزین. ئێمه ده‌بێ هه‌موو که‌ره‌سه مودێرنه‌کانمان هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی که‌س نه‌وێرێ خۆمان لێبدات. به‌و گوتانه‌ی ئاغای "شه‌ڕ" هێنده‌ی نه‌مابوو که هه‌میسان هه‌مووشتێك له سه‌رڕاوه ده‌ستپێبکرێته‌وه، ئه‌گه‌ر. ... ... ئه‌گه‌ر پووره مێشێ هه‌ڵنه‌ستابایه و له ده‌می ئاغای "شه‌ڕ" ی نه‌دابایه. ئاغای "شه‌ڕ" له جێگای خۆی به ئارامی دانیشت و ده‌می خۆی به‌ست و ئیتر وشه‌یه‌کیشی لێ نه‌بیسترا. Author's commentsThis site has content self published by registered users. If you notice anything that looks like spam or abuse, please contact the author. |